بەرپرسێكی كۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوەدەكات ئێمە بەجدی كارمان بۆ ئەوەدەكرد هاوپەیمانی دەنگە ناڕازییەكان دروست ببێت و بۆ ئەوەش ئامادەی قوربانیدان بووین، بەڵام هەر حزبەو بیانوویەكی دەهێنایەوە. شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاند: ئێمە زۆر بە جیدی و دڵسۆزی لە پێناو بەرژەوەندی كوردستاندا هەوڵماندا بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەك لە دەنگە ناڕازییەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگی خەڵك و دروستبوونی هیوای زیاتر بۆ هەڵبژاردن و زیاتربوونی دەنگی خەڵكی كوردستان. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەداخەوە هەر حیزبە و بیانوویەكیان هەبوو لەبەرئەوەی ئامادە نەبوون بەشداری بكەن؛ تەنیا كۆمەڵی دادگەری تاوەكو دواكات هەوڵی بۆ دا، چونكە ئێمە ئامادەییان هەبووە كە ئەگەر هەموو لایەنەكانیش نەبن چەند لایەنێك پێكەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بكەین. ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی وتووە،لە ئەنجامدا لایەنەكان یەك بە یەك كشانەوە و كۆمەڵ بە تەنیا مایەوە؛ هاوپەیمانیش بە لایەك دروست نابێت، ئێمە ئامادەبووین بۆ یەك لیستی قوربانی بدەین، بەڵام هەندێك لایەنی دەسەڵاتداریش هەوڵیان دا بۆ لەباربردنی هاوپەیمانییەكە.