هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم نزیکبوونەتەوە، چونکە بڕیاربەدەستەکان لەدەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە. هۆشیار زێباری، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر رایگەیاندووە، لە پێکھێنانی کابینەی نوێ نزیک بوونەتەوە، لە ئێستادا چوونەتە وردەکاری دابەشکردنی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتە سەرەکی و خزمەتگوزاریییەکان، ئەم ماوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە بڕیار بەدەستەکان لە دەرەوە بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبونەوەکانی شاندە سیاسی و تەکنیکییەکان لەسەر ھەموو وردەکارییەکانی حوکمڕانی کاری باش کراوە، دەبێت وەرەقەیەکی سیاسی و دیدگایەکی ھاوبەش و بەرنامەی حوکمڕانی ھەبێت و، پێداچوونەوە بە ھەموو شتەکانی رابردوو بکەینەوە کە لە کابینەکانی رابردوو ھەبوو، بە جۆرێک یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک لەشکر ھەبێت، ئێمە ئەو بابەتەمان تەواو کردووە.