ڕۆژنامەیەكی عەرەبی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژە بەوەدەكات بەغدا بڕیاریداوە دووبارە پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی عێراق ببات بۆ تۆڵەكردنەوە لەو ڕێكەوتنەی هەولێر لەگەڵ واشنتۆن لە بواری وزەدا ئەنجامیداوە. ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لە ڕاپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە، بەغدا دەستی بە دوو جوڵەی جیاواز بەرامبەر هەرێمی كوردستان كردوە، لەكاردانەوەی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكانی وزەی هەولێر لەگەڵ واشنتۆن، بەجۆرێك بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو سكاڵایەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵیی عێراق تۆماركراوە، گورزێكی كەمەرشكێن لە هەرێم بدات. ئاماژەبەوەشكراوە، جوڵەی دووەمی بەغدا بریتییە لە تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژ بەو ڕێككەوتنەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە ئەمریكا بە بەهای 110 ملیار دۆلار، بۆ پەرەپێدانی نەوت و گاز واژۆیكردوە هەر بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامە عەرەبییەكە، "بەغدا ناتوانێت ڕێكاری سیاسیی ڕاستەوخۆ بەرامبەر هەرێم بگرێتەبەر، لەبەرامبەردا پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی دەبات، بە ئامانجی دروستكردنی قەیرانێكی نوێی سیاسی لەهەرێم، درێژەدان بەو بۆشاییە یاساییەی ساڵانێكە هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.