#بوار کارگەی چیمەنتۆی دەلتا وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دروست دەکات و دەبێتە گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لە ئاستی عێراق. وێستگەکە لە قۆناغی کۆتایی کارکردندایە و دەکەوێتە قەزای بازیانی پارێزگای سلێمانی. لە تەنیست کارگەی چیمەنتۆی دەلتا بنیات دەنرێت. وێستگەکە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ٨٥۰ هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت و لە هەزاران پانێڵی وزەی خۆر کارەبا وەردەگیرێت. توانای وێستگەکە زیاتر لە ٥۰ مێگاواتە و بە تەواو بوونی کارەبای پێویست بۆ کارگەی چیمەنتۆی دەلتا دابین دەکات. کە یەکێکە لە کارگە گەورەکانی چیمەنتۆ لەسەر ئاستی عێراق. وێستگەکە دەکەوێتە تەنیشت سەنتەری قەزای بازیان و لە ڕۆژهەڵاتی کارگەی دەلتایە. لە شوێنێکی بەردەڵانی لێژ بنیات دەنرێت کە ناتوانرێت هەموو ئەو ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ بەکار بهێنرێت. پێش ئەم وێستگەیە لە عێراق و هەرێم چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر هەبوون کە توانایان لە پێنج مێگاوات کارەبا کەمترە.