وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق لە بری دادگا نێودەوڵەتییەكان و دادگای فیدڕاڵی، لە دادگا ناوخۆییەكانی عێراق سكاڵا لە دژی حكومەتی هەرێم تۆمار دەكات. دوای گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و دوو کۆمپانیای ئەمەریکی بۆ دوو کێڵگەی غاز لە هەرێم، حکومەتی بەغدا لە ڕێگای وەزارەتی نەوتەوە سکاڵای دژی هەرێم تۆمارکرد. بەڵام تۆمارکردنی سکاڵاکان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و دادگای فیدڕاڵی نییە، بەڵكو تەنها لە دادگایەکی ناوخۆی عێراقە. بەپێی زانیاریەکانی بوار، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگای فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی نەوت دوو سکاڵای لەسەر هەردوو گرێبەستەکە لە دادگای بازرگانی کەرخ لە بەغدا تۆمار کردووە. داوا لە دادگاکە دەکات گرێبەستەکان هەڵبوەشێنێتەوە. یان لەگەڵ یاساکانی عێراق بیگونجێنێت. جۆری سکاڵاکە ناوەڕۆکی بازرگانی هەیە نەک دەستوری. ڕەنگە بەغدا بیەوێت وەک لایەنی سێیەم لەگرێبەستەکان دابنرێت و هەندێ مافی هەبێت. حکومەتی عێراق لەوەڵامدانەوەی کاردانەوەی شەقام سکاڵاکەی کردووە. نایەوێت هەڵوێست و جوڵەی توند دژی کۆمپانیا ئەمەریکیەکان دەربڕێت. پێچەوانەی پێشوو دادگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدڕاڵی هەڵنەبژاردووە. بەڵكو دادگای بازرگانی کەرخ دادگایەكی تایبەتمەندە بە پرسە ناوخۆییەکان کە ڕەهەندی ئابوری و بازرگانیان هەیە. پێشتر لەژێر فشاری سیاسیدا چەند بڕیارێکی داوە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بووە. لەوانە دانپێدانانی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکانی بواری نەوت کە دادگای فیدڕاڵی بە هەڵوەشاوە ناوی بردبوو. دادگاکە بۆ بڕیاردان لەسەر هەر پرسێکی بازرگانی پێویستی بەساڵێک تا دوو ساڵ هەیە و چاوەڕوان ناکرێت بەغدا کاردانەوەی دژی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان هەبێت. ئەم سكاڵایانەشی تەنها بۆ ڕازی کردنی شەقام و ئەو فشارانەیە كە دژی گرێبەستەکان ڕوو لە حکومەتی عێراق بوون