#بوار
لە سنوری قەزای دەربەندیخان دەست بەسەر کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی دەگیرێت و چەند کەسێکیش دەستگیر دەکرێن.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 28ی ئایار، هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی دەگەنە سەنتەری قەزای دەربەندیخان و لەناو ماڵێکدا دەست بەسەر کۆگایەکی نهێنی چەک و تەقەمەنیدا دەگرن. کە چەندین جۆری چەک و مین و کەرەستەی بۆمب و نارنجۆک و فیشەک و تەقەمەنی جیاوازی تێدا بووە.
بەپێی زانیارییەكان، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر کۆگاکەدا سێ کەس لە هەمان ماڵ لەلایەن هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەكان، ئاسایش گومانی لەو کۆگایە بەو قەبارەیە هەیە و لێکۆڵینەوە دەکات و چەک و تەقەمەنییەکان و دەستگیرکراوەکان لە دەربەندیخانەوە ڕەوانەی سلێمانی کراون.
بەپێی زانیارییەكان، ئاسایشی سلێمانی بەو كۆگایە توشی شۆك بووە. بۆیە لێكۆڵینەوەی ورد دەربارەی دەستگیرکراوەکان و کۆگاکان دەكەن. ئاسایش دەیەوێت ئەوەی بۆ ڕوون ببێتەوە كە کۆگاکە بۆ بازرگانی چەک بەکارهێنراوە یان گروپ و ڕێکخراون و ئامانجی تریان هەبووە.