بوار
دوای 11 رۆژ لە هەڕەشە توندەكەی بارزانی لە دژی نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی وەڵامی توندی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە كە چیدیكە ناتوانێت مووچە بۆ فەرمانبەران بنێرێت، لەبەرئەوەی هەقی هەرێم تەواو بووە.
رۆژی 17ی ئایار، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی یەكێتی قوتابیان و لاوانی سەر بەحیزبەكەی لە شاری هەولێر لە وتارێكدا بە توندی هەڕەشە و هێرشی كردە سەر دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق و رایگەیاند "میللەتی ئێمە بۆ مووچە شۆڕشی نەكردووە تا بۆ مووچە سەری نزم بكات، ئێمە دەرۆزەكەر (سواڵكەر) نین تا بزانین هی فڵان كەس ئیمزای كرد و فڵان كەس ئیمزای نەكرد، لەمەودوا چیدیكە دواكەوتنی مووچە قابیلی قبوڵ نییە".
هەر رۆژێك دوای ئەو لێدوانە توندەی بارزانی، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو لێدوانەی بارزانی دایەوە و رایگەیاند "بە هەڕەشەكردن لە بەغدا، كێشەكان چارەسەر نابن".
هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی یەكشەممەی رابردوو 25ی ئایار، لیستی مووچەی ئەم مانگەی رەوانەی بەغدا كرد بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان بەغدا مووچە رەوانە بكات، بەڵام ئێوارەی دوێنێ دەزگای میدیای بوار وەك یەكەم دەزگای میدیایی، بڵاویكردەوە كە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەمەودوا چیدیكە ئەوان ناتوانن ئەم ئەم مانگە و مانگەكانی دیكەش پارەی مووچە بنێرن، لەبەرئەوەی بەپێی یاسای بودجە، هەرێم، پارەی تەواوی خۆی وەرگرتووە، بۆیە هەڕەشە توندەكەی بارزانی لە بەرپرسانی بەغدا تەنها 11 رۆژی خایاند و تەیف سامییش بە توندی وەڵامی هەرێمی دایەوە.