بوار، تایبەت
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی كە هاوكات پەرلەمانتاری كوتلەی دەوڵەتی یاسایی نوری مالكییە جەخت لەوەدەكاتەوە كە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی تەواو یاساییە و ناتواندرێت تانەی لێبدرێت، دەشڵێت" حكومەت پێشتر پێشێلكاری یاساییان دەكرد، كاتێك پارەیان بۆ هەرێم دەنارد"
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بە راگرتنی تەمویلكردنی هەرێمی كوردستان بەهۆی تێپەڕاندنی پشكەكەی لە بودجەدا، بڕیارێكی یاسایی ویەكلاكەرەوەیە و ناتوانرێت تانەی لێبدرێت
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو بڕیارەی لە وەزارەتی داراییەوە دەرچووە، یاساییە، چونكە وەزارەت و حكومەت پێشتر پێشێلكاری یاساییان دەكرد، كاتێك پارەیان بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی، چونكە بودجە مەرجی داناوە، كە پارە تەنیا لە كاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بنێردرێت، ئەمەش رووینەداوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان پارەی تەواو و زیادیشی وەرگرتووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی یاسایی نییە بۆ تانەدان لە بڕیارەكە، بەتایبەتی كە خۆی لە بنەڕەتدا داواكراوە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لە رووی پابەندیی داراییەوە، هاوكات سەرپێچییەكانی دیكە، ئەگەر هەبن، دەكەونە چوارچێوەیەكی ناوخۆیی نێوان وەزارەتەكان و حكومەت، بەڵام بەراورد ناكرێن بە سەرپێچییەكانی هەرێمی كوردستان كە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكان و باجەكانی رادەست نەكردووە.