سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات نابێت رادەستنەكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی ببێتە هۆكاری خەرجنەكردنی مووچە، چونكە ئەو مادانەی كە تایبەت بە ڕادەستكردنی داهات هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق ناكۆكن لەسەری. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: هەردوو ماددەی ١٢ و ١٣ی یاسای بودجە، كە پەیوەندیدارن بە داهاتی نانەوتی و پابەندیی نەوتی هەرێم، هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم ناكۆكن لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو دوو ماددەیە ئاماژەی بەوەشكرد، بڕگەی شەشەم ناكۆكی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەربارەی جێبەجێكردنی ماددەكانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق، ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٣، و بە تایبەتی هەردوو ماددەی ١٢ و ١٣ی یاساكە، نابێت ببێتە هۆكاری سەرەكی خەرجنەكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێم لە كاتی دیاریكراوی خۆی. ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێك حكومەتی هەرێمی ئاگادار كردەوە كە چیتر ناتوانێت لە ناردنی مووچە بەردەوام بێت.