لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، داوا دەكات لە پێناوی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كەسی یەكەمی حیزبەكان بە بەشداری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی كۆببنەوە. لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "وەك بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێكنەچوونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵكی خۆمان، بانگەوازێك بۆ كۆبوونەوەی كەسی یەكەمی هەموو ئەو لایەنانە دەكەم كە كورسیان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵك و ئایندەی ئەم هەرێمە". ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ كۆبوونەوەكەش داواكارم لایەنەكان لەئاستی كەسی یەكەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كە وا پێویستە كاك مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بكات، با جارێكیش بڕیاری چارەنووسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە كۆبوونەوەكە لە بارەگای هیچ لایەنێك نەبێت بەڵكو لە شوێنێكی تایبەت بكرێت". دەشڵێت "كەسی یەكەمی لایەنەكان هەرچی هەیانە بەڕاشكاوی بەرامبەر یەكتری بیڵێن ئەگەر دەیانەوێت گفتوگۆیەكی بەرهەمدار بكەن دەبێت لە قاچاخچێتی و داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە تا دەگاتە بەهەدەردانی سەروەتی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە لەوێ باسی بكەن، رێگە چارەش بخەنە روو، تا چیتر لە رێگەی میدیاكانەوە برینەكان قوڵتر نەكەینەوە و هاووڵاتیانی كوردستان بێ ئومێدتر نەكەین". لە كۆتاییدا لاهور شێخ جەنگی وتویەتی " لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە روو كە هەر لایەنێكی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێكەوە دەستەیەك پێكبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەكانی بەغداد بكەین".