گرنگ

ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی: ئەمریکا فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنە غازییەکانی هەرێم پەسەند بکات

2025-06-07

 

ڕۆژنامەی کڕایدڵی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا فشاری ئەمەریکا بۆ سەر بەغدا ئاشکرا دەکات بۆ پەسەند کردنی ڕێکەوتنەکانی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لەسەر دوو کێڵگەی غاز لە هەرێم. ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە «ئەمریکا فشاری لە عێراق کردووە تا پشتبەستنی وزە بە ئێران کەم بکاتەوە». وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 5ی حوزەیران پاڵپشتی بۆ ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی غازی سروشتی دەربڕی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆی کردوەو بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ سەربەخۆیی و سەقامگیریی عێراق وەسفی کرد. ئەم ڕاگەیاندنە دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە ئەو ڕێککەوتنانە پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی غازی ئێران کەمدەکاتەوە و ئەو بەرپرسە دەڵێت: ئەمریکا پێی وایە عێراق بە گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە و دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئێران سەقامگیرتر دەبێت و هانی بەغدا و هەولێر دەدەین کە پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بە بەرهەمهێنانی غاز بکەن. ئەو گرێبەستانە کە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ کراوە و کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی HKN Energy و Western Zagros بەشدارن و ئامانجیان پەرەپێدانی کێڵگەکانی غازی میران و تۆپخانەیە لە پارێزگای سلێمانی و بەهای ئەم ڕێککەوتنانە نزیکەی ١١٠ ملیار دۆلارە. لە گەورەترین ڕێککەوتنەکانی کەرتی وزەی هەرێمە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color