وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات مانگی رابردوو بەپێی جیاوازیی ناوچەكان 13 بۆ 16 كاژێر كارەبا دراوەتە هاوبەشان و بە تێكرا ڕۆژانە 15 كاتژمێر كارەبامان دابینكردووە. ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: تێكڕای پێدانی كارەبا لە زاخۆوە تاوەكو كفری بۆ مانگی ئایار 15 كاژێر و نیو بووە، بەڵام بەپێی جیاوازیی ناوچەكان 13 تاوەكو 16 كاژێر كارەبا هەبووە، هاوكات خواست لەسەر كارەبا لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، نزیكەی ملیۆنێك و 100 هەزار كەس لە كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بوون، لە شوێنە گەرمەكان خواست لەسەر كارەبا زیاترە، بۆیە پێدانی كاژێرەكانی كارەبا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە. وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بەراورد بە مانگی پێش خۆی كیمێك كەمتربووە.