مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە "پێشمەرگەی رێبازی بارزانی بوو، بۆ منیش هاوڕێیەکی نزیک و هەڤاڵێکی رێگەی خەبات بوو". پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025 تێكۆشەر و كەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە یەكێك لە كادیرە لێهاتوو و ماندوونەناسەكانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووە و لە دەستپێک و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەکی چالاک و سەرەکی بووە و هەروەها لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای ڕاپەڕین و لە كاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەركەكانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە. خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. بۆ منیش وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و لەدەست دانی كۆستێكی گەورەیە. سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی كەریم شنگالی و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان دەكەم. لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.