گرنگ

كەریم شەنگالی، ئەو پیاوەی تیرۆر زەفەری پێنەبرد، نەخۆشی گیانی لێ سەندەوە

2025-06-11

 

عەبدولكەریم سوڵتان عەبدوڵڵا، ناسراو بە كەریم شەنگالی، لە دایكبووی ساڵی 1950ی قەزای شەنگالی پارێزگای موسڵە. كەریم شەنگالی كە لە چوار كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری ناوخۆ بووەو تاكە بەرپرسی كوردە كە زیاتر لە پێنج جار هەوڵی تیرۆركردنی دراوە. هەوڵەكان بۆ تیرۆركردنی ئەو بەرپرسە ئەمنییە تەنیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان نەبوو، گروپە تیرۆرستییەكان لە دەرەوەی وڵاتیش هەوڵی تیرۆركردنیانداوە. كەریم شەنگالی، لە ساڵی 1971 كۆلیژی یاسا و ڕامیاری لە زانكۆی بەغدا تەواو كردووەو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری بەغدا بە كاری پارێزەرییەوە سەرقاڵ بووە. دواتر لە ساڵی 1975 رووی لە كۆماری ئیسلامی ئێران كردووەو یەكێك بووە لە سەرپەرشتیارانی ئاوارەكانی كورد لەو وڵاتە. كەریم شەنگالی، یەكێك بووە لە ئەندامانی سەركردایەتی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ئەدەبیاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوە ناسراون كە لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول توانیویان شۆڕشێكی نوێ بە ناوی شۆڕشی گوڵان لە هەرێمی كوردستان هەڵبگیرسێنن. كەریم شەنگالی، لە شاخەوە تا شار بەرپرسیارێتی هەبووە لە دەزگا ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پاشان حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە سەردەمی دەسپێكردنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی، كەریم شەنگالی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بووە. لە ساڵی 2001یش لە ئیدارەی هەولێری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەتە وەزیری ناوخۆ. دواتر لە سەردەمی یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر لە 2005 تا 2018 وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە. دواتر لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بووەتە بەرپرسی نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و ساڵێك بەر لە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە دەست بەرداری پۆستەكەی بووەو رۆژی 10ی حوزەیران لە تەمەنی 75 ساڵی لە وڵاتی ئیمارات كۆچی دواییكرد.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color