گرنگ

حکومەتی هەرێم سێ بڕیاری نوێی هاوڵاتیانی سوری دانیشتووی هەرێم دەرکرد

2025-06-12

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ بڕیاری نوێی بۆ هاوڵاتیانی سووری دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەرکرد ئەویش بە مانەوەیان لە هەرێم یان گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان. بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم، لەسەر فەرمانی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە پێناو چارەسەرکردنی رەوشی تایبەتی هاووڵاتیانی سوری ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لەهەرێمی کوردستان بەسەرچووە، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کرد کە کاری پێویست ئەنجام بدەن بە گرتنەبەری ئەم رێکارانەی خوارەوە: یەکەم: پێدانی ماوەی (٦٠ رۆژی کارکردن لە رۆژی دەرچوونی ئەم نوسراوە) بۆ گشت خوشک و برایانی سوری کە نشینگەکانیان بەسەرچووە یان هاتونەتە هەرێمی کوردستان و نشینگەیان دەرنەهێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشینگە بۆ ماوەی یەک ساڵ بە گوێرەی فۆرمی (٢٠) و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن. دووەم: ئەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژە بە کەیسەکانیان کراوە و نایانەوێ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن، لە سزاکانی دواکەوتنی نوێکردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن. پێویستە سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەک جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بە شێوەی فەرمی لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. سێیەم: ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی ناتوانن بە فڕۆکەخانە گەشتی گەڕانەوە بکەن، دەتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبوون لە بەخشین لە سزاکان و خۆ تۆمارکردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی پیشابوور، کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان رێک دەخرێت. بەرێوەبەرایەتییەکانی نشینگە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێکهێنانی تیمی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە و ئاسانکاری جێبەجێکردنی بە خێرایی. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی یەک شەممە ١٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color