تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق جارێکی دیکە جەختی لە پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردۆتەوە. وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تایف سامی محەمەد، وەزیری دارایی، پێشوازی لە شاندێکی مامۆستایانی سلێمانی و پەرلەمانتاری پێشوو غالب محەمەد عەلی کرد. بەپێی راگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە خۆجێیکردنی مووچە کرا بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە داوا لە هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ خێراکردنی خۆجێیکردنی مووچە و خەرجکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی بۆ ئەوەی بتوانرێت مووچەی فەرمانبەران ئازاد بکرێت. هەروەها هەردوولا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە دۆخی خوێندنی پارێزگاکە کرا، گوێگرتن لە ژمارەیەک داواکاریی کە لەلایەن شاندەکەوە وروژێنراون و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان لەچوارچێوەی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی. هەر بەپێ راگەیەنراوەکە، تەیف سامی جەختی لەسەر پابەندبوونی وەزارەتەکەی کردەوە به دەستەبەرکردنی مافه کانی ستافی وانه وتنەوە.