ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە دوو کاتی جیاوازدا، دوو تەنی هاوشێوەی موشەک لە نزیک ناحیەی سەنگاوی قەزای چەمچەماڵ کەوتنە خوارەوە. تەنی یەکەم کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە نێوان گوندی مەسۆی سەرچەم و فەقێ مستەفا کەوتە خوارەوە و تەنی دووەمیش کە هاوشێوەی تەنی یەکەمە لە گوندی فەقێ مستەفا کەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە. دوای کەوتنە خوارەوەی تەنەکان دەزگا ئەمنیەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو کەوتنە لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی جۆری تەنەکان. بەپێی زانیاریەکانی بوار، هەردوو تەنەکە موشەک و درۆن نەبوون، بەڵکو تانکی و کەپسولی سوتەمەنین و نازانرێت پاڵپشتی موشەک یان درۆن یان فڕۆکە بوون و لەکاتی بەتاڵبوونەوەی سوتەمەنیەکان کەوتونەتە خوارەوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، ناوەوەی هەردوو تەنەکە بەتاڵە و هەریەکەیان دوو دەرچەی تێکردنی سوتەمەنی هەیە لێی نوسراوە FUEL DRAIN و لەبەشی دواوەی تانکی پاڵپشتی هەوایە و پێدەچێت لەئاسمانی هەرێم سوتەمەنی تێدا نەمابێت و لەو تەنەی پێوەی بووە کرابێتەوەو ئەرکی تەواو بوبێت و کەوتبێتە خوارەوە. زانیارییەکانی بوار ئاماژە بەوە دەکەن، هەردوو تەنکە بەزمانی ئینگلیزی لێیان نوسراوە و تا ئێستا نازانرێت دروستکراوی چ وڵاتێکەو لەلایەن ئیسرائیل یان ئێرانەوە ئاڕاستەکراون.