لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق ڕایگەیاند، چەند كەناڵێكی میدیا و ماڵپەڕ, هەواڵی ناڕاستییان بە ناوی ڕێكخراوەكە بڵاو كردووەتەوە، دووپاتیشی كردەوە، هەر هەواڵێك هەبێت لە پێگەی و ماڵپەرە فەرمییەكانی خۆیان بڵاو دەكەنەوە لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوونی كردووەتەوە، چەند كەناڵێكی میدیا، ماڵپەڕ و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەندێك زانیاری بێبنەما و نادروستیان لەبارەی ئاڵوگۆڕكردنی دیله جەنگییەكانی عێراق و ئێران بەچاودێری ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بڵاو كردووەتەوە. ئاماژە بەوەشكراوە، دڵنیاتان دەكەینەوە كە تەواوی ئەو زانیارییانە لەسەر زاری ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بلاو كراونەتەوە، بێبنەما و ناڕاستن، ماڵپەڕ و پێگە فەرمییەكانی خۆمان هەیە و هەر هەواڵێك لەدەرەوەی ماڵپەڕەكانی ئێمە بڵاو بكرێتەوە زمان حاڵی ئێمە نییە و لێی بەرپرس نین لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی باسی لەوەش كردووە، بڵاو كردنەوەی ئەو هەواڵانە و ئاشكراكردنی ناسنامەی دیلەكان، هەستی كەسوكارانی ئەو دیلانە ئازار دەدات، چونكە بەشێكیان چەندین ساڵە چاوەڕێ گەڕانەوەیان دەكەن، چونكە كۆتا جار كە بە چاودێری ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، دیلەكانی عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ كرابێت بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە.