کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆتایی هات، حکومەتی عێراق جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵ جێبەجێ بکات، ئەو کات مووچە دەنێردرێت. سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا. هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی فیدراڵی پێداچوونەوەی بەو ڕێوشوێنانە کرد کە گیراونەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێک و دادپەروەرانە بەپێی بڕگە دەستووری و یاساییەکان. لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داواش لە حکومەتی هەرێم کرا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات و هەر کێشەیەک کە مابێتەوە بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەری بکات.