گرنگ

دوای 16 ساڵ، بۆ یەكەمجارە گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناكات

2025-06-29

 


#بوار
دوای 16 ساڵ لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ یەكەمجار و بەهۆی چەند كێشەیەكەوە كە پەیوەندیدارن بە بزووتنەوەكە و یاسای هەڵبژاردن، ئەمساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ناكات. بۆ یەكەمجارە بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی دوولەتبوونییەوە نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردن بكات.

رۆژی 25ی 7ی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان، بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەنرا. كە بووە بزووتنەوەیەكی بەهێز و نوێی جەماوەری و ركابەری سەرسەختی پارتی و یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2009ی پەرلەمانی كوردستان توانی 25 كورسی بەدەست بهێنێت، هەر ئەو تامی سەركەوتنە بووە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراقیش 10 كورسی بەدەست بهێنێت، پاشان لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق ژمارەی كورسییەكانی بوو بە نۆ كورسی.

تەنانەت گۆڕان دوای هەڵبژاردنی 2014 لەسەر ئاستی عێراق وای لێهات پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ خۆی مسۆگەر بكات و لە حكومەتی عێراقیشدا وەزیری كۆچ و كۆچبەران وەربگرێت.

 بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بە لیستی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداریكرد، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی بە لیستی كراوەیە واتە كاندید دەتوانێت بە دەنگی خۆی دەربچێت، بەو هۆیەوە لیستەكە هیچ كاندیدێكی گۆڕان دەنگیان نەهێنا.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا و لەگەڵ دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رووبەڕووی كێشەی ناوخۆیی بوونەوە و بەو هۆیەوە بوونە دوو باڵ (گردی زەرگەتە و كوردسات)، بەڵام توانیان یەك كورسی بەدەست بهێنن.

گۆڕان دوای ئەو شكستە، ئەمساڵ هەوڵیدا لەڕێگەی بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانییەوە خۆی هەستێنێتەوە و بتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات، بەڵام بەستنی كۆنفرانسەكانیش نەك هەر نەبووە مایەی خێر بۆ بزووتنەوەكە، بەڵكو كێشەكانی قوڵتر كردنەوە و ئەو دوو باڵە تەنانەت نەیانتوانی بزووتنەوەكە بخەنەوە سەر پێ و بتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color