هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان داوای سەرلەنوێ پێكهێناوەی دادگای فیدراڵی بکەن ئەوەش بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی دادوەری، دوور لە بەسیاسیکردن. هۆشیار زێباری لە سەكۆی "ئێكس" رایگەیاندووە، دادپەروەری بناغەی حوکمڕانییە. دوای ئەو قەیرانە دادوەرییە لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان داوای سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی دادگای فیدراڵی بکەن، بەپێی دەستوور و مادەی (٩٢) دووەم، لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی بۆ دەوڵەتی عێراقی فیدراڵی و دیموکراسی یەکگرتوو و، دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری، دوور لە بەسیاسیکردن. ئەوەش لەکاتێکدایە دوای خانەنشینبوونی جاسم عەبود، لە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ دادوەر مونزیر ئیبراهیم لە شوێنەکەی دەستبەکاربوو.