#بوار حكومەتی عێراق، پێشنیارێكی نوێی هەیە لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەك كرێی بۆڕی دوو دۆلار بدات بە هەردوو كۆمپانیای كارو رووس نەفت. بەپێی زانیارییەكانی بوار، بە پێی گرێبەستی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای كارو رووس نەفت، هەرێم لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم مانگانە بەشێوەیەكی جێگیر 40 ملیۆن دۆلار دەدات بەو دوو كۆمپانیایە. بەڵام حكومەتی عێراق ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە بەشێوەی جێگیر نرخی كرێی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی بۆڕییەوە بدات بەو دوو كۆمپانیایە. بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە لە بەرامبەر هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك نەوت دوو دۆلار بدات بە كۆمپانیای كارو رووس نەفت، لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی بۆڕی نەوتەوە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ كارگروپ و رووس نەفت دەگەڕێتەوە. بەپێی ئەو پێشنیارەی حكومەتی عێراق بێت كە بڕی دوو دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك دەست نیشانكردووە. ئەگەر رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكرێت بە نزیكەیی 18 ملیۆن دۆلار مانگانە دەبێت وەك كرێی بۆڕی نەوت بدرێت بەو دوو كۆمپانیایە. بەپێی گرێبەستەكەی هەرێم و كار گروپ و رووس نەفت بێت دەبێت چل ملیۆن دۆلار بدرێت بەو دوو كۆمپانیایە.