بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق ئاشكرایدەكات لە پێنج شەقامی سەرەكیی بەغدا كامێرای پێشكەوتوو و نوێی چاودێری دانراوە، كە تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەكانی هەریمی كوردستانیش تۆمار دەكات كە پێشتر سزای تیژڕەوەی ئۆتۆمبیلەكانی هەرێم تۆمارنەدەكرا. حەیدەر شاكر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ڕایگەیاند: پێشتر سزای تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەكانی هەڵگری تابلۆی هەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی عێراق تۆمار نەدەكرا، بەڵام جۆرە كارمێرایەكمان هێناوە كە ئەو كامێرایانە تیژڕۆیی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تۆمار دەكەن كە هەڵگری تابلۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن. ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆتۆماركردنی سزاكان هاوئاهەنگی لەگەڵ هاتووچۆی هەرێمی كوردستان دەكەین، هاوكات هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەپلیكەیشنەكانی چاوی عێراق، ماڵپەڕی ئوور و ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بڕی سزای تیژڕۆییەكەیان بزانن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ئەوەشی وتووە، كار لەسەر ئەوە دەكەین لە رێگەی سیستمێكەوە، راستەوخۆ دوای سەرپێچیكردنەكە، شۆفێرەكە ئاگادار بكەینەوە، ئەگەر شۆفێری سەرپێچیكار لە 72 كاژێری یەكەمدا پێبژاردنەكەی بدات، ئەوا نیوەی بڕی سزاكەی لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر مانگێكی بەسەردا تێپەڕبێت و نەیبژێرێت، ئەوا سزاكە دوو هێندە دەبێت.