محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی داواکاری هەرێم بۆ ناردنی سلفەیەک تا کاتی ڕێکەوتن بۆ مووچەی مانگی پێنج دەخاتە ڕوو. سودانی داواکاری هەرێمی بۆ ناردنی سلفەیەک تا ڕێکەوتنی تەواوەتی پێگەیشتووە بەجۆرێک دواتر سلفەکە وەکو مووچەی مانگی پێنج پاکتاو بکرێت و سودانی لە وەڵامی داواکارییەکەی هەرێم ڕایگەیاندووە فشاری زۆری لەسەرە و پێش ڕێکەوتن دەبێت ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەست بهێنێت تا دەستکراوە بێت بۆ ناردنی سلفەیەک. سودانی بە بەرپرسانی هەرێمی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا بەبێ هەناردەی نەوت و پابەندی هەرێم ناتوانێت مووچە بنێرێت. تاکە ڕێگای یاسایی ناردنی پارەیە بەشێوەی سلفە پێش هەناردەی نەوت و سودانی ڕایگەیاندووە ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی بچێتە ژێر باری ناردنی سلفە. بڕیارە ئەمشەو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سودانی کۆبونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆیان ئەنجام بدەن. سودانی دواین ئاستی گفتوگۆو دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخاتەڕوو. هەرێم و بەغدا، ماوەی چەند ڕۆژێکە گفتوگۆ لەسەر هەناردەی نەوت و پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکەن. حکومەتی عێراق ناردنی بودجەو مووچەی بۆ هەرێم بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیەوە لەلایەن هەرێم کە پابەندی ڕادەستکردنی نەوت و گەڕانەوەی نیوەی داهاتی نانەوتی خستووەتە ئەستۆی هەرێم.