ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق، لەلایەت توركیاوە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێكی زۆر مەترسیدار بووەتەوە، بە جۆرێك زیاتر لە ٧٠ ناوچە چوونەتە ناوچەی هێڵی سوری بێ ئاوییەوە. سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بەردانەوەی زیاتر لە ٤٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا لەلایەن توركیاوە بۆ عێراق تەنها قسەیە و ڕاست نییە، ئەگەر ئەم زیادبوونە ڕاست بێت، ئەوا ئەنجامە سەرەتاییەكانی لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێردا دەردەكەون. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێژەیەی ئێستا لە توركیاوە بەر دەدرێتەوە بۆ عێراق تەنها لە ١٥%ـی ئەو بڕە پێكدەهێنێت كە لە هاویندا لەگەڵ عێراق ڕێككەوتوون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورەیی ئەو كارەساتەیە، كە ڕووبەڕووی وڵاتەكەمان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی فورات. ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری ئەوەشی وتووە، زیاتر لە ٧٠ ناوچەی فراوان بەهۆی كەمی ئاوەوە چوونەتە ناوچەی سوورەوە، هەروەها بارودۆخەكە لە هەردوو ڕووباری سەرەكی و لقەكانیدا تێكچووە، ئەمەش پێشبینی وەرزێكی كشتوكاڵی وشك و خراپتربوونی مەترسییە ژینگەییەكان دەكات، لەكاتێكدا چەندین كۆبوونەوەی دوو قۆڵی نێوان عێراق و توركیا، ئەنجامدراوە بەڵام هیچ ڕێككەوتنێكی پابەندكەر لەسەر كێشەی ئاو نەكراوە، تا دێت كێشەكە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت.