لە چەند رۆژی ڕابردوو بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ناحیەی قەرەتەپە كرا بە قەزا و ناحیەی كۆكسی خرایە سەر و بەهۆیەوە ئەو ناحیەیە لە قەزای كفری دابڕێندرا. بەپێی زانیارییەكان، ئەمرۆ هەینی، 4ی تەمووز، هێزێکی سەربازی عێراق، ویستی دەست بەسەر چەند بیرە نەوتێکی کێڵگەی قەمەر (گڵابات)دا بگرێت. لە نێوان کفری و قەرەتەپە. بەڵام هێزی پێشمەرگە ڕێگەنەداوە و شوێنەکانیان بۆ هێزە عێراقیەکان چۆڵ نەکردووە. بەپێی زانیارییەكان، هێزێکی سەربازی عێراقی لە سنوری ناحیەی کۆکس لە گوندەکانی چاڵاو خالید و شیلان و عەلی خەڵەف جموجوڵیان هەبووە، ویستویانە ئەو ناوچانەی بیری نەوتی لێیە کۆنترۆڵی بکەن. بەڵام پێشمەرگە ڕووبەڕوویان وەستاوەتەوەو هێزەکەی عێراق نەیتوانیووە پێشڕەوی بکات. هێزەکەی عێراق خواستی ئەوەیان هەبووە تەواوی کێڵگەی نەوتی قەمەر (گڵابات) کۆنترۆڵ بکەن. کە بەشێکی لە سنوری ناحیەی کۆکس و لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە. بەپێی زانیارییەكان، دوای شكستهێنانی ئەو هەوڵەی هێزەكانی عێراق، ئەمشەو لە چەند لایەكەوە عێراق دەستیكردووە بە جوڵەی نوێ بە هێزەكانی بە ئاراستەی ئەو ناوچەیە، ئەمەش وایكرد یەكێتی لەو سنورە سەرجەم هێزەكانی خۆی بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. جموجوڵی هێزی عێراقی دوای تەنها سێ ڕۆژ لە بڕیاری بەقەزا کردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕینی ناحیەی کۆکس دێت لە قەزای کفری. لە ماوەی ڕابردوو حکومەتی عێراق گرێبەستی هەڵکەندنی یەکەم بیری نەوتی لە سنوری قەزای کفری ڕاگەیاند. بڕیارە بەمزوانە دەست پێبکات و وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەگەڵ کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی ئەنجام داوە. لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، هێزێکی سوپای عێراق و حەشـ.ـدی شەعـ.ـبی ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێک لە گوندی چاڵاو خالید بگرن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە ڕێگەیان نەدا.