گرنگ

سودانی، بۆ هەرێم: ئەو نەوتەش دەبێ ڕادەست بکەن کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری دەهێنن

2025-07-07

 

محەمەد شەیاع سودانی سەقفی داواکارییەکانی لە هەرێم بەرز دەکاتەوە و بە هەرێمی ڕاگەیاندووە کە تەنانەت ئەو نەوتەشی دەوێت کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت. لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕەش و ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیت بۆ دابینکردنی کارەبا بەکاردەهێنرێت. حکومەتی عێراق داوای سەرجەم نەوتی هەرێمی کردووە. بەپێی زانیارییەکانی بوار، محەمەد شەیاع سودانی داوای تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات و ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم ڕاگەیاندووە کە قبوڵ ناکەن تەنانەت هەرێم دەسەڵاتی بەسەر یەک بەرمیل نەوتیشدا هەبێت. بەرپرسانی هەرێم ئەو داواکارییەی سودانییان ڕەتکردووەتەوە کە تەواوی نەوت ڕادەستی بکەن، چونکە هەرێم بەشێک لە نەوتەکەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنێت. بەپێی زانیارییەکانی بوار، کۆمپانیای داناغاز لە کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیت بەرهەم دەهێنرێت کە نرخەکەی لە نەوت گرانترەو بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز سوودی لێدەبینرێت. ڕۆژانە ئەو بیست هەزار بەرمیل بە کۆمپانیای قەیوان دەفرۆشێت و پارەکەی دەخرێتە بەرامبەر شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایە لە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی بوار، جگە لەو ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیتە، هەرێم رۆژانە نزیکەی ٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی دیکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خەبات و باعەدرێ بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color