گرنگ

پێشمەرگەو سوپای عێراق، سەنگەرەکانیان بەرامبەر یەکتر تۆکمەتر دەکەن

2025-07-10

 

ماوەی هەفتەیەکە بەدرێژایی سنوری نەوجول تا جەلەولا، هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بەجیا خەریکی تۆکمەکردنی سەنگەرەکانیانن. لەلایەکی دیکە سەرقاڵی لێدانی سەنگەری نوێن. بەبێ ئەوەی هیچ جوڵەیەکیان بە ئاڕاستەی یەکتر هەبێت. بەپێی زانیارییەکان، لە سنوری نێوان دووز خورماتوو و قادرکەرەم و نەوجول و کفری و کوڵەجۆو قەرەتەپە و جەلەولا، پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان بە قەبارەی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو سەنگەرە کۆنەکان نۆژەن دەکەنەوەو ساترو سەنگەری نوێ دروست دەکەن. چەندین ئامێری شۆفڵ و حەفارە لەکاردان و لە چەند شوێنێک خەندەق لێ دەدەن. بەپێی زانیاریەکانی بوار، هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان لە هەمان شوێنی پێشووی خۆیانن کە لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر لەو شوێنانەن. بەڵام لەهەردوو لا زیادکردنی هێز و حاڵەتی ئامادەباشی بەدی دەکرێت بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی دیار بێت. لە ناوچە سنورییەکان جگە لە سوپای عێراق، حەشد و پۆلیسی فیدڕاڵی هەن. لە بەرامبەردا لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ۷۰ و کۆماندۆ و بەرگری و فریاکەوتن هەیە و بەدرێژای هێڵی تەماس بڵاوبوونەتەوە. سەرەڕایی دەنگۆی جوڵاندنی هێز، بەڵام هێزی هیچ لایەک بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتر نەجوڵێنراوە. تەنها هەرلایەک لە سنوری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان جموجوڵ دەکەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color