جێبەجێکردن و ڕێکخستنی فیدەرەکان بۆ چوونە ناو سیستەمی کارەبای ۲٤ کاتژمێری ناسراو بە پڕۆژەی ڕوناکی دراوەتە کۆمپانیا. کۆمپانیاکە کاری ڕێکخستنی فیدەرەکان و جیاکردنەوەی تۆڕەکانە لە تۆڕی گشتی. بە جۆرێک ئەو ناوچانەی دەخرێنە ناو سیستەمەکەوە تۆڕی کارەبایان جیاواز دەبێت و دەکرێنە فیدەری بەردەوام. کۆمپانیای بۆرد، کاست کاری جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجام دەدات و بڕیارە لە ڕۆژی ۱٥ تا ۱۹ی ئەم مانگە تەواوی فیدەرەکانی کارەبا لەناو هەڵەبجە بخاتە چوارچێوەی پڕۆژەکەوە. مانگی ڕابردوو ژمارەی بەشداربووانی پڕۆژەی ڕوناکی لە ناو شاری سلێمانی گەیشتە ۱۳۰ هەزار هاوبەشی کارەبا و بەشی زۆری سلێمانی سیستەمەکەی تێدا جێبەجێ کرا. بڕیارە دوای سلێمانی و هەڵەبجە کارەکانی پڕۆژەکە لە شارەکانی ڕانیە و چەمچەماڵ و کەلار دەست پێبکات و بەرلە کۆتای ساڵی داهاتوو هەموو هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.