سبەینێ شەممە 19ی تەموز، دوای چەند جارێك دواخستنی، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە شاری هەولێر بە بەشداری نزیكەی 900 ئەندام، پێنجەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت، بەڵام ئەوەی لەئێستاوە روونە عەلی باپیر، سەرۆكی ئەو حیزبە دەبێتەوە بە سەرۆكی حیزب. كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رۆژی 31ی ئایاری 2001 دوای جیابوونەوەی لە بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەر دەستی عەلی باپیر دامەزرێنرا، كۆمەڵی دادگەریی پێشتر ناوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بوو، بەڵام چوار ساڵ لەمەوبەر و لە كۆنگرەی چوارەمدا ناوی (ئیسلامی)یان بۆ (دادگەریی) گۆڕی. بەپێی زانیارییەكانی بوار، لە كۆنگرەی پێنجەمدا ئەندامانی كۆنگرە گفتوگۆ لەسەر تەوەرێك دەكەن یەكێكیان هێشتنەوەی پاشگری (دادگەریی) بۆ حیزبەكەیان یاخود گەڕانەوە بۆ پاشگری (ئیسلامی)، چونكە زۆرێك لە بەرپرس و ئەندامانی ئەو حیزبە پێیانوایە پاشگری (دادگەریی) زیانی لە حیزبەكەیان داوە. لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە ساڵی رابردوو هەڵبژاردن ئەنجامدرا و كۆمەڵ توانی 4 كورسی بەدەست بێنێت، بەڵام كۆمەڵ رایگەیاند كە لە هەڵبژاردن ساختەكاری كراوە، بۆیە بایكۆتی پەرلەمانی كرد، بەڵام دواتر هێرۆ عەتار، یەكێك لە پەرلەمانتارانیان بایكۆتی شكاند و چووە پەرلەمان، دواتریش كۆمەڵ دەریكرد، بەپێی زانیارییەكانی بوار، لەم كۆنگرەیەدا تاوتوێی ئەو كشانەوەیە دەكرێت كە ئایا بۆ داهاتی ئەو حیزبە باشە یان نا؟ ئامادەكارییەكانی كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، خاڵێكی دیكەی كۆنگرەیە كە چۆن وا بكەن پێگەی ئێستای كۆمەڵ لە 1 كورسییەوە زیاتر بكەن، بەڵام بۆ ئەوەیان رەنگە بەهۆی سیستەمی سانت لیگۆی هەڵبژاردنەوە كەمێك زەحمەت بێت، بەو پێیەی كۆمەڵی دادگەریی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری دەكات.