هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق جەختی لە وەستانی هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کردۆتەوە. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە هەولێر، ستیڤ فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە. ڕاگەیەنراوەکە روونیکردەوە، فەیگن جەختیکردەوە لە پێویستیی وەستاندنی هێرشە درۆنیەکان لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی ئەوەی حکومەتی عێراقی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتی بکاتەوە. هەروەها دەڵێت، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە جەختیکردەوە لە پابەندبوون بە هاوبەشییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئاساییش و هەوڵەکانی هەردوولامان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ موچە و هەناردەکردنی نەوت.