ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، حكومەتی عێراق توانای كۆنترۆڵكردنی ئەو گرووپە چەكدارانەی نییە كە لە دەرەوەی یاسا كار دەكەن، هاوكات هێرشە درۆنییەكانی ئەم دواییەش بەشێكن لە گوشارەكان بۆ رێككەوتن. سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، ڕایگەیاند: سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی گشتی هەیە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، بەڵام دەستەڵاتی بەسەر گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا نییە. ئاماژەی بەوەشكردووە، هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستان نوێ نین و پێشتریش خەڵكی سڤیل و بارەگای حیزبەكانیان كردووەتە ئامانج، بەڵام ئێستا كێڵگە نەوتییەكانیش بوونەتە ئامانج، هەرچەندە لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون پێكهێندراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ راپۆرتێك نەگەیشتووەتە پەرلەمان، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیش تەنیا بۆ گفتوگۆكردنە و هیچ بڕیارێكی تێدا دەرناچێت. ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو،هێرشە درۆنییەكان گوشارن بۆسەر هەرێمی كوردستان چونكە هەر كاتێك كێشە و گیروگرفت لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست ببێت، گوشارێك دروست دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان، هاوكات زۆرجار ئەجێندا سیاسی و دەرەكییەكان دەبنە هۆی دروستكردنی پشێوی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و رێگر دەبن لە چارەسەركردنی كێشەكان.