شارەزایەكی بواری كەشناسی ئاماژە بەوەدەكات بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی لەسبەینێوە شەپۆلێكی گەرمای بەهێز هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت كە لە سنوری گەرمیان پلەكانی گەرما دەگەن 51 پلە. محەممەد كەمال، شارەزای كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: بەهۆی كاریگەریی شەپۆلێكی گەرما لە زەریای هیندی پێشبینی دەكرێت لە سبەینێ ڕۆژی سێشەمەوە، شەپۆلێكی بەهێزی گەرما بگاتە هەرێمی كوردستان و پلەكانی گەرما لە شوێنە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەرز ببنەوە.. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی هاتنی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە پلەكانی گەرما بەراورد بەرۆژانی ڕابردوو شەش تا حەوت پلە بەرز دەبنەوە، هەروەها ئەو شەپۆلە گەرمایە بۆماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرماهەر بەبەرزی دەمێنێتەوە ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبینی دەكرێت لەم شەپۆلە گەرمایەدا بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان و دەورووبەری تۆمار بكرێت و دەگاتە 50 بۆ51 پلەی سیلیزی، هەروەها لە هەولێریش دەگاتە 49 پلەی سیلیزی هەندێك كاتیش خێرایی با چالاكی ئەبێت و گڕەبا دروست دەكات بەتایبەت سەرەتای هەفتەی داهاتوو.