باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، رێككەوتنەكەی نێوان بەغداو هەرێم كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەرداوە، حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەو رێكارەش لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەوەو گەرەنتی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاساو بودجە دەكات. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێڕاق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، رێکەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق، لەلایەن هەردوو حكومەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، كۆتایی بە چەندین ساڵ بیناكردنی پەیوەندیی دارایی لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان دەهێنێت و قۆناغێكی نوێی دادەمەزرێنێت كە دەستور و پابەندییە یاساییەكانی بودجە دەخاتەپێش هەر رێككەوتن و تێگەیشتنێكی سیاسی. ناوبراو روونیکردۆتەوە، بڕیارەكە پشت بەستوە بە بنەمایانەی كە لە بودجەی سێ ساڵەدا هاتون و ئەم جارە بەشێوەیەك كارایە كە یاسا دەخاتە سەرو هەر ئیعتبارێكی سیاسی كە ئەوەش وەرچەرخانێكی نەوعییە. هەروەها وتویەتی " بەپێی دەقی بڕیارەكە، حكومەتی هەرێم پابەنددەكرێت بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی لە پارێزگاكانی هەرێم، سۆمۆ هەناردەی نەوتەكە دەگرێتە ئەستۆ و داهاتەكەی دەخاتە خەزێنەی گشتی كە خەزێنەیەكی یەكگرتوە". عەوادی دەڵێت، ئەم رێكارە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا لەبارەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەوەو خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاسای بودجە، گەرەنتی دەكات. وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، بڕیارەكە میكانیزمی بەدیلی تێدایە بۆ گەرەنتیكردنی بەردەوامی پابەندییەكان، لەكاتی بونی كۆسپ بۆ هەناردەی نەوتی لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە، ئەو بڕە نەوتەی كە بڕیاری لێدراوە لەلایەن هەرێمەوە رادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات لە دەروازەی دیكەوە هەناردەی بكات.