وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بلاویكردەوە، لەئێستادا كارەبای 24 كاتژمێری گەیەندراوەتە زیاتر لە دو ملیۆن و 700 هەزار هاوڵاتی، هاوكات تاكۆتایی ساڵی 2026 كارەباكە دەگەیەندرێتە سەرجەم هاوڵاتیان. وەزارەتی كارەبای هەرێم لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی گەیشتنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی، كە دەكاتە نزیكەی 40%ـی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕوناكی. ئاماژە بەوەشكراوە،دوابەدوای ئەم فراوانبونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاوڵاتییان لەسەر ئاستی شارەكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی دەستیان دەگات بە كارەبای 24 كاتژمێری، ئەم دەستكەوتە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دابینكردنی كارەبایەكی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەكی پاكتر لە هەرێمی كوردستان. وەزارەتی كارەبا ئاشكراشیكردوە، زیاتر لە دوو هەزار و 517 مۆلیدە لە گەڕەكەكان كوژێنراونەتەوە، تا كۆتایی ساڵی 2026یش، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە حەوت هەزار مۆلیدە بكوژێنێتەوە.