بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەبەوەدەكات، ئەگەر هەرێم پابەندی رێككەوتنەكەی نەبێت لەگەڵ عێراق و نەوت و داهاتی نانەوتی رادەست نەكات عێراق مووچەی مانگەكانی 6 و 7 نانێرێت، دەشڵێت"ئەم رێككەوتنە هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە ساردبوونەوەی پێوە دیاربوو" . كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەم رێككەوتنە هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە ساردبوونەوەی پێوە دیاربوو لە هەردوو لاوە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان، ئێستا لە عێراق مووچەی مانگی 7 دابەشكراوە و چەند رۆژی داهاتوو دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی خانەنشینان دەست پێدەكات، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی دوو مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە. ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتریش وتوومانە گرنگترین شت لەم رێككەوتنانە جێبەجێكردنیەتی، گرنگ ئەوەنییە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان چیە گرنگ ئەوەیە چۆن جێبەجێدەكرێت، هەر لە 2005 ەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەوتی خۆی بفرۆشێت، ناكۆكی قوڵیان لەسەر دۆسیەی نەوت هەیە، چونكە بابەتی تەوتین و داهاتی نانەوتی بابەتی لاوەكین و بابەتە سەرەكییەكە بەلای عێراقەوە نەوتە، وەلای هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی پارتی بابەتەكە نەوتە، وەلای ئەمریكاش بابەتەكە نەوتە، ئەمریكییەكان مەبەستیانە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت نەك بەتەنكەر لە رێگەی ئێرانەوە بفرۆشرێت. بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی سێ ساڵی رابردوو سێ جار رێككەوتن لەنێوان هەردوو حكومەتدا كراوە، بەڵام هیچكام لەمانە سێ چوار مانگ بڕی نەكردووە، بۆیە دیسانەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلای عێراقەوە هەیە و ئەوانەشی كە لەلایەن هەرێمەوە هەیە من بە قورسی دەزانم بەداخەوە رێككەوتنەكە جێبەجێبكرێت.