نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق ئاشکرای دەکەن لە شاری سلێمانی و قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ، چەند تیمێک دادەنرێن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی عەجاج حەدران. نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردۆتەوە، دوابەدوای هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عێراق بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی گرتوخانەی نوگرە سەلمان (عەجاج ئەحمەد حەردان) کە رۆڵێکی زۆر دڕندانەو بکوژانەی هەبووە لەگەڵ ئەنفالكراوەكانى گرتووخانەکە و کەسوکارەکانیاندا، و پاش دادگاييكردن و سزادانى (عەلی حەسەن مەجید) و پێنج گەوره بەرپرسى ديكەى تاوانى ئەنفال لەلايەن دادگاى باڵای تاوانەكانی عێراق له ساڵى ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧، دۆسيەیەکی سەربەخۆ بۆ چەندین تۆمەتباری تاوانى ئەنفال كرايەوە كه(عەجاج) يەكێك بوو لەو داواكراوانە. هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئێستادا و لەم قۆناغەدا پێویستە سکاڵا و ووتەی هەموو ئەو کەسانەی کە شاهیدی کارەکانی ئەم تۆمەتبارەن تۆمار بکرێت. راگەیەنراوەکە روونیکردۆتەوە، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی سکاڵاکارانی دۆسیەی ناوبراو لەڕێگەی تیمێکی تایبەتەوە کاری کۆکردنەوەی بەڵگەکان و وەرگرتنی ووتەی شاهیدەکان بە ئەنجام دەگەیەنرێت بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ دادگا و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان. راگەیەنراوەکە دەڵێت، داواکارن هەموو ئەو کەسانەی کە شاهیدی کارەکانی ئەم تۆمەتبارەن سەردانی ئەو ناونیشانانەی لای خوارەوە بکەن لەو کاتانەی دیاری کراوە و بەڵگەنامەی یاسایی پێویست لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. سلێمانی (مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە) کەلار (بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی گەرمیان) چەمچەماڵ (مۆنۆمێنتی ئەنفال) لەڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٨/٤ تا ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٨/٩ لە کاتژمێر ٩ ی سەرلەبەیانی تا ١٢ی نیوەڕۆ.