شەوی ڕابردوو لە ڕووباری خازر لە سنوری قەزای بەردەڕەش چوار گەنج کە بۆ مەلەکردن چووبونە نێو ڕووبارەکە خنکان. چوار کەس کە تەمەنیان لە نێوان ١٧ ساڵ بۆ ٢٢ ساڵدایە لە گوندی کانیلانی قەزای بەردەڕەش بۆ گەشت و سەیران چونەتە سەر ڕووباری خازر پاشان دەستییان بە مەلەکردن کردووە. سەرەتا یەکێک لەو کەسانە خنکاوەو سێ کەسەکەی دیکە کە دوانیان برا بوون هەوڵیانداوە رزگاری بکەن، بەڵام خۆشیان خنکاون و نەیانتوانیوە هاوکاری هاوڕێکەیان بکەن. ئەو چوار کەسەی لە رووباری خازر خنکاون ناویان ئوسامە محەممەد عەزیز؛ لەدایکبووی 2003 و مەحموود جەمال عەبدولواحید؛ لەدایکبووی 2004، بیلال کەمال عەبدولواحید؛ لەدایکبووی 2007 و محەممەد کەمال مستەفا؛ لەدایکبووی 2008 رووباری خازر بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر بە سنووری قەزاکانی شێخان و بەردەڕەش دا دەڕوات و رۆژانە خەڵک بۆ سەیران و مەلەکردن دەچنە لێواری رووبارەکە.