پەرلەمانی ئێران لابردنی چوار سفری لە دراوی وڵاتەكەی پەسەند كرد، بەڵام گۆڕینی ناوی دراوەكە لە ریاڵەوە بۆ تمەن رەتكرایەوە شەمسەدین حوسێنی، سەرۆكی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: لیژنەی ئابووریی پەرلەمان كۆبووەوە و پرۆژەیاسای حكومەتی لەبارەی لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتیمانی و گۆڕینی ناوی دراوەكە تاوتوێ كرد، لە كۆبوونەوەكەدا لابردنی چوار سفر لە دراوی نیشتیمانیی ئێران پەسند كرا، بەڵام پێشنیازی حكومەت بۆ گۆڕینی ناوی دراوەكە لە ریاڵەوە بۆ تمەن رەتكرایەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی بڕیاری لیژنەی ئابووریی پەرلەمان، ناوی دراوی نیشتمانیی ئێران هەر ریال دەبێت، بەڵام چوار سفری لەسەر لادەبرێت و هەر ریاڵێكی نوێ یەكسان دەبێت بە 10 هەزار ریاڵی ئێستا، هاوكات یەكەی وردی دراوەكەش دەبێتە قران و هەر ریاڵێك بە 100 قران دانراوە. شارەزایانی ئابووری و شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن، ئەم گۆڕانكارییە تەنیا گۆڕینێكی رووكەش دەبێ بۆ داپۆشانی كێشە ئابوورییەكانی وڵات، هەروەها ئەگەر بە شێوەیەكی ناكارامە جێبەجێ بكرێت، لەوانەیە سەرلێشێواوی گشتی دروست بكات و تێچووی كارگێڕی زۆر بەسەر وڵاتدا بسەپێنێت.