زیاد جەبار، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، ماڵئاوایی لە پۆستەکەی کرد و دەڵێت، هەر کاتێک بەرپرسی نوێ پێویستی بە هاوکاری بێت، هاوکارییان دەبێت. ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەند کرا، سەرکەوت زەکی، جێگەی زیاد جەباری گرتەوە و زیاد جەبار، دەبێتە بەرپرسی بۆردی رێکخستن. زیاد جەبار، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە، لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی مەکتەبی سیاسیدا گۆڕانکاریکردن بووە لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەند، بۆیە ئەوانیش دووپاتیان کردۆتەوە کە پێویستە بڕیارەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی جێبەجێ بکرێن. ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە "ئەم گۆڕانکارییە بۆ من و کاک سەرکەوتیش شتێکی تازە نییە، لەبەرئەوەی هەردووکمان لەم مەڵبەندەوە پێگەیشتووین، هەر کاتێکیش کاک سەرکەوت پێویستی بە بەندە بێت، هاوکاریان دەبم".