ماڵپەڕی ئۆدوایری ئەمەریکی لە هەواڵێکدا گرێبەستێکی یەکێتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بۆ لۆبیکردن و دروستکردنی پەیوەندی بڵاوکردەوە. بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکە یەکێتی نشتیمانی کوردستان ۹۰۰ هەزار دۆلاری بە کۆمپانیای باڵارد پارتنەرز داوە تا پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و ناوەندەکانی بڕیار و بەرپرسانی حکومی بۆ ئەو حیزبە دروست بکات. کۆمپانیاکە لە بەرامبەر ئەو پارەیە بۆ ماوەی ساڵێک کار لەگەڵ یەکێتیدا دەکات و پەیوەندی بۆ یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دروست دەکات. کۆمپانیای باڵارد لەماوەی ساڵێکدا، کە تا مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو دەخایەنێت لەناوەندەکانی بڕیار بەرگری لە یەکێتی دەکات. ڕاوێژ دەداتە یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ بەرپرس و ناوەندە جۆراوجۆرەکان بۆ دروست دەکات. لە کۆمپانیای باڵارد پارتنەرز هەریەک لە برایان باڵارد و ئارۆن سامپسۆن کە پسپۆڕی کاروباری دەرەوەن کار بۆ یەکێتی دەکەن. ئامانجی یەکێتی لەو لوبیکردنە دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا. بەو پێیەی یەکێتی لە ڕابردوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگای مام جەلال سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقەوە بووە. ئێستا تاڵەبانی کۆچی دوای کردووە و بەرهەم ساڵحیش بەرپرسیارێتی لەناو یەکێتیدا نەماوە.