لەگەڵ راگەیاندنی ژمارەی لیست و كاندیدە سەربەخۆكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەندام و لایەنگرانی لایەنەكان، بە دانانی ژمارەی حیزبەكانیان لە فەیسبووكەكانیان، دەستیان بە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن كردووە. ئێوارەی دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، ژمارەی بەخشییە لیست و هاوپەیمانی و كاندیدە سەربەخۆكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 11ی 11ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، هەر لەگەڵ راگەیاندنی ژمارەكانیش، ئەندام و لایەنگر و كاندیدە سەربەخۆكان، ژمارەكانیان لە فەیسبووكی خۆیان بڵاوكردەوە كە ئەوەش بە مانای بانگەشەی پێشوەختە دێت، ئەوەش لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، بە فەرمی سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵی بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكردووە. لەلایەكی دیكەوە ئەگەر راگەیاندنی ژمارەی لیستەكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بانگەشەی پێشوەختە، بۆ لایەنە سوننە و شیعەكانی عێراق مایەی دڵخۆشی بێت، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ دور و درێژەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، ئەوا راگەیاندنی ژمارەی لیستەكان بۆ حیزبە كوردییەكان مایەی دڵخۆشییەكی زۆر نییە، لەبەرئەوەی تائێستا هیچ بانگەشەیەكی پێشوەخت لە شارەكانی كوردستان دەستی پێنەكردووە و تەنانەت كاندیدەكانیش لەڕوویان نایەت بە خەڵك بڵێن دەنگمان پێبدەن.