گرنگ

ئارام قادر، نزیکەی دوو مانگە بەتۆمەتی هاوکاری دەزگایەکی هەواڵگری دەستگیر کراوە

2025-08-11

 

ئارام قادر، پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی دادگەری و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی، نزیكەی دوو مانگە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی دەزگایەكی هەواڵگری لە سلێمانی دەستگیراوە. لە ڕۆژی ۱۰ی مانگی حوزەیران، ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتیمانی و سەرکردەی پێشووتری کۆمەڵ لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە. لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەر مۆبایلەکانی و چەند بەڵگەنامەیەکدا گیراوە. بەپێی زانیاریەکانی بوار، ئارام قادر لە سەرەتای دەستگیرکردنییەوە گواستراوەتەوە ناو فەرماندەیی گشتی لە سلێمانی و لە لای دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. هەرچەندە دەزگا ئەمنییەکان بەفەڕمی لەسەر کەیسی ئارام قادر هیچ ڕونکردنەوەیەکیان بڵاونەكردووەتەوە و زانیاری لەسەر کەیسەکەی ئاشکرا ناکەن. بەڵام سەرچاوەیەکی تایبەت بەبواری ڕاگەیاند "دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سلێمانی زانیاری ئەوەیان دەستکەوتووە کە ناوبراو هاوکاری دەزگایەکی هەواڵگری هەرێمایەتی و دەزگایەکی هەواڵگری ناوخۆیی کردووە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت". بوار زانیویەتی، هاوسەری ئارام قادر ڕێگەی پێدراوە لەناو ئەو شوێنەی کە تێیدا ڕاگیراوە چاوی بە ئارام قادر بکەوێت و دڵنیا بێت لە تەندروستی. بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە دەربارەی کەیسی گرتنەکەی لەگەڵ ئارام قادر قسە بکات. بەپێی زانیارییەكان، دەزگا ئەمنییەكان تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەی ڕێگا نادەن پارێزەری هەبێت و کەیسەکەی وەک کەیسێکی هەواڵگری مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color