ماوەی دوو رۆژە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە چڕی هەوڵ و فشارەكانی بۆ سەر حكومەتی هەرێم و بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێكردووە بۆ رادەستكردنی نەوت بە حكومەتی عێراق و ناردنی مووچە. مانگی رابردوو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رەزامەندی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری بەغدادی كرد و بەو هۆیەوە رێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق بۆ چارەسەری كێشەی مووچە دروستبوو، بەشێوەیەك بۆ مانگەكانی پێنج و شەش، حكومەتی هەرێم 120 ملیار دینار و 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بكات، لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق مووچە رەوانە بكات، دواتریش حكومەتی عێراق مووچەی مانگی پێنجی رەوانە كرد، بەڵام ئێستا دیسانەوە بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش و مانگەكانی دیكە گرفت دروستبۆتەوە. دوای ماوەیەك لە بێدەنگیی، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی چەند جارێك جەختی لە جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنە كردەوە، بەشێوەیەك رۆژی یەكشەممە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەكەی و رۆژانی دووشەممەش لە دیداری لەگەڵ محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق و كونسوڵی هۆڵەندا لە كوردستان داوای جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنەی كرد. جگە لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی برایشی كە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە بەهەمان شێوە رۆژی دووشەممە لە دیداری لەگەڵ كونسوڵی نوێی ئەمەریكا لە كوردستان رایگەیاند، كلیلی چارەسەری ریشەیی مووچە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە. هەروەها كەناڵی گەلی كوردستان، وەك زمانحاڵی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەواڵ و راپۆرتەكانیدا جەخت لە رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد دەكەنەوە بۆ ناردنی مووچە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.