پارێزگاری هەڵەبجە چەند وێنەیەكی خۆی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە كە ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبووینەوە و لەسەر پلانێكی هاوبەش ڕێككەوتین. نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند:ئەمڕۆ، لەهەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوومەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا كە بە "زۆر باش و ئەرێنی" وەسفكرا، تیشك خرایە سەر داواكاری و پێداویستییەكانی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی نەخشە ڕێگایەكی نوێ بۆ خزمەتكردنی زیاتری پارێزگاكە. ئاماژە بەوەشكراوە، لە نزیكەوە داواكاری و كێشەكانی پارێزگاكەمان خستەڕوو، هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی كرد بۆ پشتیوانی و هاوكارییە بەردەوامەكانی بۆ هەڵەبجەو دانیشتووانەكەی كە هەمیشەو بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیدان بە هەڵەبجە كردووەتەوەو لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەت بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكان و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەكانی داوە. پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی وتووە، یەكێك لە دەرەنجامە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە، ڕێككەوتن بوو لەسەر داڕشتنی پلانێكی نوێ و هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی پارێزگای هەڵەبجە، ئەم پلانە نوێیە كار لەسەر گەشەپێدانی كەرتە گرنگەكانی وەك ئابووری و گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی دەكات، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری پارێزگاكە و دابینكردنی هەلی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان.