ئەمڕۆ كۆمپانیای گەڵف كیستۆن پیترۆڵیەم، كۆمپانیای سەركار لە كێڵگەی نەوتی شێخان بڵاویكردەوە كە بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی شێخان دەستپێكردووەتەوە. كۆمپانیاكە لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەرهەمهێنان لە كێڵگەی شێخان دوای هەڵسەنگاندنێكی وردی ئەمنی و راوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە، هاوكات سبەی پێنجشەممە ئەنجامی دارایی نیوەی یەكەمی 2025 ئاشكرا دەكات، تێیدا زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو. هەر لەو ڕاگەیەندراوەی كۆمپانیای گەڵف كیستۆن ئەوەشهاتووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت لە گفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لەرێگەی بۆرییەوە و ئامادەین دەستبەجێ دوای مسۆگەركردنی رێككەوتنی نووسراوی فەرمی، دەست بە هەناردەكردن بكەینەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، كۆمپانیای ناوبراو ئەوەی ڕاگەیاند، بەهۆی چەند تەقینەوەیەك لە كێڵگە نەوتییەكانی نزیك كێڵگەی شێخان، وەك رێكارێكی خۆپارێزی بە شێوەیەكی كاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەكە راگرتووە.