ژمارەیەک حیزب و لایەنی سیاسی لە هەرێم و عێراق، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن. ۱۰ پارتی سیاسی هەرێم کە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشدار بوون بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەشداری ناکەن و کاندید و لیستیان نییە. بزوتنەوەی گۆڕان، لە دروستبوونییەوە تا ئێستا یەکەم هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقە بەشداری ناکات. ئەمەش بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی و شکست هێنانی کۆنفرانس و ناکۆکی دوو ئاڕاستەکە کۆمسیۆن ڕێگای نەدا لیستی هەڵبژاردنی هەبێت. هەریەک لە بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان لیستی هەڵبژاردنیان نییە. هۆکاری بەشداری نەکردنیان بۆ یاسای هەڵبژاردن و بەربەستی سانت لیگۆ دەگەڕێننەوە. حزبەکانی بزوتنەوەی سۆشیالیستی عەبدوڵای حاجی مەحموود و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران و یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بەهاوپەیمانی سەردەم بەشداربوون و بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەشداری ناکەن. هاوپەیمانی نشتیمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێم لیستی هەبوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشدار نییە. پەیوەندی ئیسلامی بەشداری نەکردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ گرفتی دارایی گەڕاندوەتەوە و بەشداری ناکات. جگە لەو حزبانە چەند حزبێکی تر لەهەرێم هەن تا ئێستا بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکیان نەکردووە وەک بزوتنەوەی چاکسازی نشتیمانی و پارتی سەوزی کوردستان و حزبی پێشکەوتنخوازی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی خوازان.