ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەگەر پارتی نەبوبا ئەزموونی هەرێم نەدەگەیشتە ئەمرۆ. پشتیوان سادق، لە وتارێكیدا لەبەردەم 2 هەزار كەس كە پەیوەندییان بە پارتییەوە كردووە ڕایگەیاند "پارتی هێندە بە ئاسانی ئەو ئەزموونەی دروست نەكردووە، بەڵكو تێكۆشانێكی زۆری بۆ ئەو ئەزموونە كردووە. دەبێت ئەوە بزانن كە ئێمە میراتگری خەباتی سەد ساڵی ڕابردووین". پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەی خستەڕوو كە پارتی نەبێت هیچ حیزبێك ناتوانێت ئەزموونی هەرێم بپارێزێت، چونكە ئەمرۆ پارتی حیزبی حوكمڕانە لە هەرێم. پشتیوان سادق، ڕەخنە لە ئەندام و كادیرانی حیزبەكەی دەگرێت و دەڵێت "هەر ئەندامێكی پارتی لەهەر بەرپرسیارێتییەكدا بێت دەبێت كاری خەڵك ڕایی بكات. هەر ئەندامێكی پارتی نەتوانێت ئەو كارە بكات، ئەوا بە دڵنیاییەوە خیانەت لە سەرۆك بارزانی دەكات".