دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری لەسەر پرۆژەی ڕووناكی ڕەتكردەوە، ئەو سكاڵاكارە جەخت لەوە دەكەكاتەوە هەندێك كەس بە هەڵە تێگەیشتوون كە ئەگەر داوایەك لەسەر بابەتێك ڕەتكرایەوە ئەوە مانای ئەوەیە ئەم كێشەیە بە یاسایی كراوە. عومەر گوڵپی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: هەندێك كەس بە هەڵە تێگەیشتوون كە ئەگەر داوایەك لەسەر بابەتێك ڕەتكرایەوە ئەوە مانای ئەوەیە ئەم كێشەیە بە یاسایی كراوە، لە ڕاستیدا ئەمە بە تەواوەتی هەڵەیە، چونكە دادگا نەچووەتە ناوەڕۆكی داواكە، بەڵكو هەر لە ڕووی شكڵییەوە داواكەی ڕەتكردووەتەوە، واتە بەڵگەكانی ڕەت نەكردووەتەوەو تەنها وتویەتی حەقمان نییە ئەم كێشەیە دەستوری و یاساییە یان نا، بەڵكو ناوەڕۆكی ئەم داوایە ئیشی ئێمە نییە بڕیاری لێ بدەین، واتە خۆ دزینەوەیە لە بڕیاردان لە داواو كێشەكە نەوەك شتێكیتر. ئاماژەی بەوەشكردووە، دادگا خۆی دزییەوە لەوەی فەرمانی سالاری بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان دەربكات، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە دواخستنی مووچەو دابەش نەكردنی یاسایی و شەرعییە، هەر لەسەر گرانكردنی نرخی كارەبا، لە دادگای كوردستانیش سكاڵامان تۆمار كردوە، تۆ بڵێیت ئەوانیش بڵێن لە پسپۆری ئێمە نییە؟ ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەشی وتووە،هیچ داوایەك ڕێگر نییە لە تۆماركردنی داوایەكیتر بەتایبەت كاتێك داواكە بە پاساوی نەبوونی پسپۆڕی و لە ڕووی شكڵییەوە ڕەت دەكرێتەوە، بۆیە هەر كەسێكیتر چۆنی پێباشە دەتوانێت دژی ئەم ستەمەو ستەمەكانی تریش داوا لەو دادگایە تۆمار بكات كە پێی وایە براوەیە، ئێمە لە هەموو ڕێگەیەكەوە سەرقاڵی ڕەتكردنەوەی ئەم ستەمەین، ئێمەش تەنها هەوڵمان لەسەرە، پیویستە هەموو لایەن و هاووڵاتیانیش پێكەوە هاوكاربن بۆ دژایەتی ئەم ستەمەو ستەمەكانی تریش.