گرنگ

كەمئاوی كارەساتی لە قادركەرەم دروستكردووە، سەرجەم سەرچاوەكانی ئاو وشك بوون

2025-08-17

 

بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم، ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی كەمیی بارانبارین و وشكەساڵییەوە، دەیان سەرچاوەی گەورە و بچووكی ئاو وشكیانكردووە، ئەگەر پلانێكی زانستی و خێرا دانەنرێت بۆ چارەسەركردنی كەمئاویی، بەدوور نازانرێت زۆربەی دانیشتووانی گوندەكانی سنوورەكە، چۆڵی بكەن. سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم رایگەیاند: لە سنوورەكەماندا بەهۆی وشكەساڵی و نەبوونی ئاوەوە، 13 جووتیاری خاوەن ئاژەڵ سنوورەكەیان بەجێهێشتووە و بە نزیكەی دوو هەزار سەر مەڕەوە روویان لە سنوورەكانی قەزای بازیان و شارەزوور و چوارتا كردووە، بەوەش سامانی ئاژەڵ لە سنوورەكەماندا كەوتۆتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە ناحیەكەیاندا ئاوی ژێرزەوی نەماوە و هەرچەندە بیر هەڵدەكەنن و بەقووڵایی زەویدا دەچنە خوارەوە، ناگەنە ئاو، بەوهۆیەشەوە هەزاران درەخت وشكبوون، هاوكات هەرچی سەرچاوەكانی ئاویشە وشكبوون، بەجۆرێك لە ئەمساڵدا چەمی رۆخانە و بەنداوی قادركەرەم و 60 كانی، هەزاران درەخت بەهۆی بێئاوییەوە، وشكبوون. بەڕێوەبەری ناحییەی قادر كەرەم ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستا لە سنووری قادركەرەم، دوو سەرچاوەی ئاو ماون، ئەوانیش سەرچاوەی ئاوی گوندی خدرڕەیحان و كۆرمۆرە، كە توانراوە بە بۆری نزیكەی 16-20 كیلۆمەتر ئاو بگەیەنرێتە ناحیەكە، هاوكات لە رێگەی تانكەریشەوە ئاو دەهێنین، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە هۆكاری چارەسەركردنی بێئاویی سنوورەكەمان، كە بەداخەوە ئەگەر ساڵێكی تر بەو جۆرە كەمئاویی چارەسەرنەكرێت، دوورنییە هەموو گوندەكان چۆڵ بكرێن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color